کورد هه‌میشه مه‌زڵوومییه‌تی خۆی له رێی ئه‌و کاره‌ساته جه‌رگ‌بڕانه‌وه نیشان داوه که به درێژایی مێژوو به سه‌ری هاتووه. ده‌بێ مێژوو به دووباره بوونه‌وه و کاره‌ساته‌کان به سه‌د باره بوونه‌وه ئه‌وه‌یان پێ فێر کرد بێت. کورد دایمه له له‌شی خوێنێکی تازه‌چۆڕاوه و به برینێکی نوێ‌وه ناڵاندویه‌تی
هه‌ر ئه‌مه بۆته هۆ که له جێی ئه‌وه‌ی بۆ مافه ره‌واکانی تێ‌بکۆشێ، له‌شی زاماری له به‌ر تیشکی گنخاوی خۆری عه‌داڵه‌ت هه‌ڵخستووه و سه‌د مخابن له‌باتی سارێژ بونه‌وه، له چێشته‌نگاوێکی کرمنی مێژودا زامه‌کانی کرمێ‌تر بووه. به جۆرێک که مرۆڤه‌کانی تر له ترسی ده‌ردو ئازار لێگرتنه‌وه‌ی لێی هه‌ڵاتوون و قه‌ره‌ی نه‌که‌وتوون. ئه‌م زام نیشاندانه و خۆ زه‌لیل کردنانه ئه‌وه‌ی لێ که‌وتۆته‌وه که له یاساکاندا به مرۆڤی پله دووی ناو به‌رن و ته‌نانه‌ت کۆڕ و کۆمه‌ڵگا مرۆڤ‌دۆسته‌کانی جیهانیش ئاورێکی به‌خێری لێ نه‌ده‌نه‌وه. کاتێ مرۆڤ خۆی که‌متر له ئه‌وانی تر دی ده‌بێ ئه‌وی تر چۆنی بۆ بڕوانێ؟ یان ئه‌وه‌تا به زگ پێ سووتان و به‌زه‌یی تایبه‌ته‌وه ده‌ستی ده‌گرێ و له بن سێبه‌ری دیواری ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ندێکی به‌جێ دێڵێ، یاخۆ به سه‌ر راوه‌شانێک و تێڕامانێکی حه‌کیمانه‌وه به ده‌ستی قه‌زاوقه‌ده‌ری ده‌سپێرێ. هه‌ر بۆیه به‌م کرده‌وه دزێوه ی خۆمانه‌وه دایمه له بن سێبه‌ری ماڵه خانان به‌یت و باومان بۆ زامه‌کانمان ساز کردووه و به ده‌نگێکی کز و لاوازوه به ده‌م باماندا داوه و هه‌ندێ جاریش له سایه‌ی ده‌ست و قاچی په‌ڕیومان به‌زه و خێرخوازی مرۆڤه دڵسۆزه‌کانمان کردۆته سفره‌ی ژه‌مێک و ژه‌مه‌کانی تر برسی و هه‌ژار سه رمان ناوه‌ته‌وه. هیچ گومانێک له‌وه‌دا نیه که‌هه‌ڵه‌بجه یه‌کێک له‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنانه‌یه. هه‌ڵه‌بجه ده‌چێته ناو خانه‌ی به‌شێک له‌و ژینوسایده‌ی گه‌لی کورده‌وه، که ناسیۆنالیزمی به‌عسی شۆڤینی بۆ پاکتاوکردنی ئه‌م گه‌له به‌ڕێوه‌ی بردووه. مۆرێکه بۆ هه‌تا هه‌تایه به ته‌وێڵی مروڤایه‌تیه‌وه ده‌مێنێته‌وه. کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ترسناکتر‌ین کارساتێکه که مرۆڤ له کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به خۆیه‌وه ده‌بینێ. به‌شێک له ترسناکی ئه‌م کاره‌ساته بۆ بێده‌نگی بیروڕای جیهانی و زلهێزه‌کان و سه‌رپۆش خستنه سه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌شێکی تری ژه‌هراوی کردنی ناوچه‌که‌ی ره‌نگینی سه‌ر زه‌وی‌یه که ئێستاش ئاسه‌واره دزێوه‌کانی ژیانی له گیان له به‌رانی ناوچه‌که تاڵ کردووه. ئه‌م ئازاره سامناکه له پێش هه‌موو شتێکدا ئازاری ویژدانێکه له به‌رانبه‌ر بێده‌نگی. بێده‌نگ بوون له به‌رامبه‌ر کردوه‌یه‌کی نامرۆڤانه بۆ به نامرۆڤ نرخاندنی ئه‌و گه‌له ده‌گه‌ڕێته‌وه که مێژوو وه‌کوو پله دوو ده‌ست‌نیشانی کردووه. ره‌نگه ئه‌وه به هه‌ڵکه‌وت رووی نه‌دابێ که بۆ یه‌که‌م جار له جیهاندا بۆمبی ناپاڵم له کوردستان و له په‌نا به‌رده قاره‌مانی شێخی نه‌مر ده‌ته‌قێته‌وه. له‌و لاشه‌وه جیهان به‌ئارامی له رۆژێکی زۆر دڵبزوێنی به‌هاری‌دا له گوێی گادا ده‌نوێ. ده‌بێ کاتی ئه‌وه هاتبێ که کورد له باتی ئه‌وه ی خۆی به حه‌ماسه دۆراوه‌کانیه‌وه هه‌ڵواسێ و شانازیه‌کانی به هه‌ودایه‌کی بێ‌پسانه‌وه‌وه بۆ به‌ره‌به‌یانیه‌کی ڵێڵ و ناڕوونی مێژوو فڕێ بدا. سه‌رهه‌ڵدانه ره‌واکان و سازدانی کۆمار و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌کانی وه‌ک ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه بکا به‌شوناسی خۆی. به شوناسێکی سه‌رده‌میانه و مرۆڤانه‌وه بێته مه‌یدان و وه‌ک گه‌لێکی ماف‌زه‌وتکراو داوای مافه‌کانی بکات. ئاخۆ بۆره هێز وهێزو زلهێزه‌کان به‌م پێناسه که ئێستا له خۆیانیان هه‌یه، چه‌نده ده‌توانن ئه‌م شوناسه به‌هێزانه‌ی کورد به که‌م بگرن و چاویان لێ بنوقێنن؟ پڕۆسه‌ی دیموکراسی‌خوازی هێنده به‌هێزه ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره نادیموکراته‌کانیش خۆیان به لاینگر و سه‌ربازی دیموکراسی ده‌زانن. که‌وا بوو چی له‌و شوناسانه قایمتر و به‌که‌ڵکتر بۆ سه‌لماندنی ره‌وا بوون؟ ئه‌وه‌ش حاشاهه‌ڵنه‌گره که دیموکراسی کاتێ وه‌ک خۆی له‌ئاڕادا بێ و به پێناسه‌ی چه‌واشه‌وه خۆ به ماڵ و حه‌ساری که‌س‌دا ناکا، ده‌بێته سه‌کۆیه‌کی پان و به‌رین، به جۆرێ که هه‌ر گه‌لێکی چه‌وساوه خۆ باوێته‌سه‌ری و له وێڕدا ده‌نگی به هه‌مووان بگات. که وا بوو ئه‌وه سه‌کۆی نیشاندانی بوون و ده‌سه‌ڵات و شوناس و ئه‌وه‌ش شوناسی به‌هێز و پڕ له‌شانازی(ده‌بێ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه وه‌کوو ئه‌و نرخه چاو لێ بکه‌ین که‌کورد بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی داویه‌تی). که وا بوو ئێستا هه‌ست به‌و پێویسته ده‌کرێ که چی تر ئێمه‌ی کورد ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و کاره‌ساته خوێناوییه‌کانی تر نه که‌ینه که‌وڵی سواڵی و له‌م رێگایه‌یه‌وه سه‌رنجی ئه‌وانی تر بۆ لای خۆمان رانه‌کێشین، به‌ڵکوو له‌به‌ر باره‌گای نه‌ته‌وایه‌تی و شوناسی تازه‌ماندا ئه‌مانه وه‌کوو موئه‌لیفه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری شوناسمان له جامخانه‌دا دابنێین و ئه‌وانی تر به‌م روانگه‌وه بێنینه گۆره‌پانی سه‌رنجه‌وه که‌جامخانه‌ی شوناسی کورد چی‌تر له سه‌ر مه‌زاد نیه و به‌ها و نرخی ئه‌م شوناسانه هێنده زۆره هیچ دراوێکی جیهان لای خاڵی ته‌رازووه‌که‌ی ته‌واو ناکات.