بەرەو لووتکەی داهێنان
ئامادە کاری دیمانە:فەرهاد محەمەد جانی (ئەم دیمانە بۆ سیروان کرا)
بیوگرافی خۆتان :
له پایزی ساڵی 1350ی هەتاوی له ئاوایی قاقڵاوای سەقز ، لە هەواری پڕ لە ڕەنگ و جوانی ئەو مەڵبەندە و لە هاوسێیەتی دیوەخانە شێعراوییەکەی مامۆستا ئاوات هاتوومە جیهان .لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی ساکاردا منداڵیم لەو گوندە تێپەڕ کردووە و وەک مراوی لەدەم چۆم و ئاوی ئاوایی هاوینە گەرم و دڵڕفێنەکانم بە زستانەوە گرێ داوە و لە بەر بەڕۆچکی زستانە پڕ لە جوانییەکانی ئەو قەدپاڵە لەگەڵ خەونی گەزیزە و شنەی شەماڵ چاوم بڕیوەتە خۆری بەهاری . پاش تەواوکردنی خوێندن لە زێدی خۆم و شارەکانی بۆکان و سەقز ، بوومەتە مامۆستای قوتابخانە و لە گوندەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە و گەورک و فەیزوڵڵابەگیی سەقز وانەم گوتۆتەوە . لە تەربییەت مەعەلیمی سنە و هەمدان لە ڕشتەی پەروەردەی سەرەتاییدا فەوقەدیپلۆمم وەرگرتووە و دواتر بۆ وەرگرتنی لیسانس لە هەمان ڕشتەدا چوومەتە زانستگای ئازادی مەهاباد.ساڵی 1384لە تاران ماستەرم لە ڕشتەی مێژوو و فەلسەفەی پەروەردەدا وەرگرت و تا ئێستاش لە دەبیرستانەکانی شاری سەقزخەریکی وانەگوتنەوەی کۆمەڵناسی و فەلسەفەم. دوو دەورە لە مانگنامەی ڕاساندا کاری ڕۆژنامەوانیم کردووە و دەبیری بەشی کۆمەڵگا و کوردی ئەم مانگنامەیە بووم .لە ساڵی 1383دا بە هاوکاری کۆمەڵی فەرهەنگی سۆمای مەهاباد ،لە شاری سەقز فێرگەی زمانی کوردی سۆمام داناوە و ئێستاش بەردەوامە